1. سەرەکی
  2. پەیامەکان
  3. 27ی تشرینی یەکەمی 2026

دیداری سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لەگەڵ ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی

ئەمە وەرگێڕانی دەقی ڕەسەنی فارسییە. دەقی ڕەسەن بە فارسی

سەرلەشکر دکتۆر موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، لەگەڵ حەزرەتی ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری پایەبەرزی شۆڕشی ئیسلامی، دیداری کرد.

لەم دیدارەدا حەزرەتی ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا حوسەینی خامنەیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و سکرتاریەتەکەی وەک «چوارڕیانی بڕیاردان»ی کاروباری وڵات ناو برد و جەختی لەسەر کاریگەریی دوولایەنەی چوار بواری «کولتوور»، «سیاسەت»، «ئابووری» و «ئاسایش» و پێویستیی هەبوونی پاشکۆی گونجاو لەگەڵ بڕیاردان لە هەر بوارێکدا کردەوە.

ڕێبەری پایەبەرزی شۆڕشی ئیسلامی سوودوەرگرتن لە نەخشەڕێگایەکی پشتبەستوو بە وێنەیەکی تەواوی هەر هەنگاوێک — لە خاڵی دەستپێکەوە تا خاڵی کۆتایی — بە مەرجی پێویستی گرتنەبەری بڕیاری پتەو و چەسپاو دانا.

بەهێزکردنی یەکگرتوویی و یەکێتیی نیشتمانی و متمانەی دوولایەنەی خەڵک و بەرپرسان، سوودوەرگرتن لە توانای دەستووری بنەڕەتی بەتایبەتی ماددەی ١٧٦ بۆ یارمەتیدانی سەرۆک کۆمار و دەزگا جێبەجێکارەکان بە مەبەستی ئاسانکردن و خێراکردنی چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات، پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و ناوچەیی بە پیادەکردنی بەڕێوەبردن بەسەر گەرووی هورمزدا، و پتەوکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی بەردەوام و دوولایەنە، لە تەوەرە باسکراوەکانی دیکەی ئەم دیدارە بوون.

ڕێبەری پایەبەرزی شۆڕشی ئیسلامی بێچارەبوونی دوژمنی بە یەکێک لە بەرهەمەکانی بەرگریی نیشتمانی زانی و جەختی لەسەر ڕاگەیاندنی چالاکانە و لەکاتی خۆیدا بۆ بەردەوامیی ئامادەبوونی خەڵک لە بەرگریکردن لە وڵات و نیزام، هەروەها بەدواداچوون بۆ دابینکردنی ماف و بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران و بەرەی بەرگری لە ڕێگەی هێنانەدیی ئەو مەرجانەی بەرپرسانی وڵات خستوویانەتە ڕوو، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگ و دۆخی «نە جەنگ، نە ئاشتی» کردەوە.

لەم دیدارەدا سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی وڵات لە بوارە جیاوازەکاندا و ئەو هەوڵانەی لە ئارادان پێشکەش کرد. دکتۆر موحسین ڕەزایی لە ڕاپۆرتەکەیدا بەدواداچوونی سیاسەتی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی بۆ «ڕێکخستنی ڕێککارییەکان و نەزمی ناوچەیی لەناوخۆوە سەرچاوەگرتوو»ی بە یەکێک لەو کارانە ناو برد کە سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی خەریکی ئەنجامدانیانە.