1. سەرەکی
  2. پەیامەکان
  3. 24ی تشرینی دووەمی 2026

پەیام بۆ چوارەمین ڕووداوی خەڵاتی نیشتمانیی گەنجیی دانیشتووان

ئەمە وەرگێڕانی دەقی ڕەسەنی فارسییە. دەقی ڕەسەن بە فارسی

بسم اللّه الرّحمن الرّحیم
بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

بەڕێوەچوونی چوارەمین ڕووداوی نیشتمانیی گەنجیی دانیشتووان، بۆنەیەکی باشە بۆ قسەکردن لەسەر پرسی هەستیاری دانیشتووان. لە نێو پێکهاتەکانی دەسەڵات و پێشکەوتن و گەیشتن بە ئێرانێکی هەرچی بەهێزتردا، پرسی زیادکردنی دانیشتووانی داهاتووی ئێرانی خۆشەویست، لەگەڵ پاراستنی هەموو لایەنە پەسەندە چەندایەتی و چۆنایەتییەکان، یەکێک لە گرنگترینیانە. ئەم پرسە ستراتیژی و چارەنووسسازە، کە لە دەیەکانی ڕابردوودا چەندین جار جێی جەختی ڕێبەری شەهیدی پایەبەرز «اعلی‌الله مقامه‌الشّریف» (خوا پلەی پیرۆزی بەرز بکاتەوە) بووە، هەم لە بەکردارکردنی تواناکان و لە خوڵقاندن و بەرزکردنەوەی دەرفەتە زانستی و کولتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکاندا، و هەم لە بەرگرتن و لابردنی هەڕەشە و بەدخوازییەکانی دوژمنان، کاریگەرە. وا دیارە پاش بێئاگایییەکی درێژخایەن و زیانبەخش کە باڵی بەسەر گۆڕەپانی بەرنامەڕێژی و بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا کێشابوو، ئێستا بەهۆی هەندێک هەنگاوەوە، دەرفەتێک ڕەخساوە تا خەڵک و بەرپرسان بە دیدێکی قووڵترەوە بەم پرسە ڕابگەن.

لە سەرنجدان بە لایەنە جیاجیاکانی دانیشتووان و پێداویستی و داواکارییەکانی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، جاری وایە خێزان و جاری وایە تاک پێوەری هەڵسەنگاندنی کاروبارەکانە. لە هەندێک بواردا، وەک خانوو و زۆرێک لە کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، بەکاربەر و سوودمەندەکەی خێزانە، و لە هەندێکی دیکەدا، وەک خواردن و پۆشاک و ئەو کاروبارانەی پەیوەندییان بە تەندروستییەوە هەیە، تاک وەک یەکەی پێوەر لەبەرچاو دەگیرێت. پرسی گەیشتن بە دانیشتووانی پەسەند لەو کاروبارانەیە کە هەردوو لایەن تێیدا دەستیان هەیە. بۆیە گرنگیدان بە جۆرەکانی ژێرخان و ئەو لایەنانەی پەیوەندییان بە پتەوکردنی بنچینەی خێزانەوە هەیە، توخمێکی هەمیشەیی دەبێت لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ چاککردنی چەماوەی دانیشتووانی وڵاتدا؛ هەروەک چۆن ڕاگەیشتن بە لایەنە تاکەکەسییە پەیوەندیدارەکانیش پێویستە. سەرنجدانی جیددی و گشتگیر بە ئاسانکردنی هاوسەرگیری لە تەمەنی گەنجیدا، دابینکردنی تەندروستیی تاکەکەسی کە خۆی بەستراوەتەوە بە چەندین شتەوە، پشتگیریکردن لە منداڵبوون، بڵاوکردنەوەی کولتووری خێزانتەوەری و ناساندنی نموونە سەرکەوتووەکان لەم بوارەدا، هەر یەکەیان هەنگاوێکی کاریگەرن لە ڕێگەی بەهێزتربوونی ئێراندا. هەروەها ڕوونکردنەوەی دروستی ئەم بابەتانە بۆ تاک تاکی گەل و بە تایبەتی گەنجان، یارمەتییەکی دیکە دەبێت لەم ئاراستەیەدا.

بێگومان هەر ئێرانییەکی بەغیرەت کە خوازیاری داهاتوویەکی ڕوون و پڕشکۆ بێت بۆ ئەم ئاو و خاکە و خەڵکەکەی، پاڵنەر و ئیرادەیەکی بەهێزی دەبێت بۆ درێژەپێدانی نەوەیی ئێرانییەکان لە ئاستی شارستانیی نوێی ئیسلامیدا. بە قووڵی هیوادارم بە قەرەبووکردنەوەی ئەو کەموکوڕییانەی لە هەندێک لە سیاسەتە دانیشتووانییەکانی ڕابردووەوە سەرچاوەیان گرتووە، و بە پەیگیریی بە کۆششی سیاسەتی دروست و ستراتیژیی زیادکردنی دانیشتووانی گەنج و تەوەرەبوونی خێزان لەم بابەتەدا، نیشتمانی خۆشەویستمان بە سەلامەتی لەو گەردەنە ترسناک و قۆناغە چارەنووسسازەی کە تێیداین تێپەڕێت، و بە یارمەتیی خوایی و دوعای خێر و بەرەکەتی سەروەرمان «عجّل‌الله تعالی فرجه‌الشّریف» (خوای گەورە دەرکەوتنی پیرۆزی نزیک بخات)، هۆکارەکانی دابارینی بەرەکەتە خواییەکان بەسەر ئێرانییەکاندا، کە لەم سەردەمەدا بە ئاڵاهەڵگرانی حەق و دادپەروەری دادەنرێن، هەرچی زیاتر و باشتر فەراهەم بێت، «بمنّه و کرمه» (بە منەت و بەخششی خۆی).

سەید موجتەبا حوسەینی خامنەیی
٣ی ئازەری ١٤٠٥