پەیام بە بۆنەی ڕۆژی کرێکار و ڕۆژی مامۆستا
ئەمە وەرگێڕانی دەقی ڕەسەنی فارسییە. دەقی ڕەسەن بە فارسی
بسمالله الرّحمن الرّحیم
بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
هەردوو ڕۆژی یازدە و دوازدەی ئوردیبهێشت، ئەو ڕۆژانەن کە تێیاندا ڕێز لە پێگەی کرێکار و پایەی مامۆستا دەگیرێت. جیا لە ستایشی زارەکی و هێمایی کە بە نۆرەی خۆی کارێکی شیاو و دروستە، پێشکەوتنی هەر وڵاتێک بەستراوەتەوە بە دوو باڵی زانست و کردارەوە.
مامۆستا لە یەکەمین قۆناغی هێنانەدیی ئەم مەبەستەدا ڕۆڵ دەگێڕێت. بەرپرسیارێتیی هەستیاری فێرکردنی زانست، زیادکردنی لێهاتوویی، و بەشێکی گرنگ لە گەشەی تێڕوانین و داڕشتنی ناسنامەی نەوەی داهاتوو لە ئەستۆی ئەودایە. ئەو خوێندکار و قوتابی و فەقێیانەی لە پاڵ هەر مامۆستایەکدا گەشە دەکەن، لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا، لێهاتوویییە فێربووەکان و زانستە وەرگیراوەکانیان بەکار دەهێنن، و ڕەنگە لە خوو و ڕەفتار و گوفتاری خۆیاندا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، لە کۆڕی گەرمی خێزانەوە تا ژینگەی کار و کۆڵان و شەقام، وەک ئاوێنەیەک نیشاندەری ڕەفتار و گوفتاری مامۆستاکانیان بن.
لە لایەکی ترەوە، بواری کار، گۆڕەپانێکی فراوانە بە فراوانیی وڵات، کە لە ناو ماڵەکان، فەرمانگەکان، یەکەکانی بازرگانی و مزگەوتەکانەوە بگرە تا کێڵگە و کارگە و کارخانە و کانەکان و جۆرەها پیشەی خزمەتگوزاری درێژ دەبێتەوە. ئەم پانتاییە فراوانە هەرچەندە زیاتر لە دوو توخمی کۆشش و پابەندبوون بەهرەمەند بێت، کە لە کۆڵەکەکانی هەر سەرکەوتنێکی گەورە دادەنرێن، پێشکەوتنی وڵات زیاتر و باشتر دەستەبەر دەکرێت.
دەزانین کرێکارێک لە سایەی پابەندبوون و کاری چاکدا، هەندێک جار پێگەیەکی وەها بەدەست دەهێنێت کە شیاوە وەک دەستی پڕ لە میهری مامۆستا و پەروەردەکار، ماچی سوپاس و پێزانین لە دەستی بەتوانا و هونەرمەندی ئەویش بدرێت. ئەمەش بێگومان شتێکە کە لە باوەشی یەکەمین پەروەردەکارانی هەر کەسێکەوە، واتە دایک و باوکی، و دواتر لە خزمەتی مامۆستادا دەستەبەر دەکرێت.
ئێستا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای زیاتر لە چل و حەوت ساڵ تێکۆشان، بە پشتبەستن بە بەخششی خوایی لە جەنگی سەربازیدا لەگەڵ دوژمنانی پێشکەوتن و بەرزبوونەوەی، بەشێک لە توانای بەرچاوی خۆی بە جیهانیان سەلماندووە، لە قۆناغی جیهادی ئابووری و کولتووریشدا دەبێت ئەوان بێهیوا بکات و تێکیان بشکێنێت.
مامۆستایان کاریگەرترین ئەڵقە لە جەنگی کولتووریدا و کرێکاران لە کاریگەرترین توخمەکان لە جەنگی ئابووریدا دەبن؛ بە شێوەیەک کە دەکرێت بانگەشەی ئەوە بکرێت کە ئەم دووانە، وەک بڕبڕەی پشتی بواری کولتوور و ئابوورین. بۆیە پێویستە بە باشی ئاگاداری گرنگیی پێگەی تایبەتی خۆیان بن، کە لە سەرووی پیشەیەکەوەیە کە لە بەرامبەر چالاکیکردن تێیدا کرێیەک وەردەگیرێت.
هەروەها دەبێت هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا، ئاگادار بین کە ستایشە زارەکییە ساڵانەکان یان هەر جارێک بە جارێک، هەرچەندە شیاو و گونجاوە، بەڵام پێزانین بۆ هەوڵەکانی ئەم دوو توێژە دەبێت قووڵتر و کردەییتر لەم ئاستە بێت. من وا بیر دەکەمەوە کە هەروەک چۆن گەلی ئازیزی ئێران بە ئامادەبوون لە گۆڕەپان و شەقامەکاندا پشتگیرییەکی شیاو لە هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان دەکەن، شیاوە لە یارمەتیدانی مامۆستایان و کرێکارانیشدا پشتگیرییەکی بەهێز لە خۆیان نیشان بدەن.
لەوانە دەبێت هاوکاریی خێزانەکانی خوێندکاران و قوتابیان لە بەڕێوەبردنی قوتابخانە و زانکۆکاندا، زیاتر لە پێشوو بڕەخسێنرێت، و هەروەها دەبێت بە پێشخستنی بەکارهێنانی کاڵا بەرهەمهاتووەکانی ناوخۆی وڵات، پشتگیری لە کرێکارانی بەرهەمهێنەر بکرێت، و بەتایبەتی خاوەنانی کار و بازرگانییە زیانلێکەوتووەکان تا ئەو جێگەیەی دەکرێت، چ لە یەکە بەرهەمهێنەرەکان و چ لە یەکە خزمەتگوزارییەکاندا، خۆیان لە کەمکردنەوە و دەرکردنی هێزی کاری خۆیان بەدوور بگرن، بەڵکو هەر کرێکارێک وەک سامانی ئەو یەکە بەرهەمهێنەر و خزمەتگوزارییە لەبەرچاو بگرن؛ و بێگومان حکوومەتی بەڕێزیش تا ئەو ئەندازەیەی دەتوانێت پشتگیری لەم کارە خێرخوازانەیە بکات.
ئێرانی ئازیز، هەروەک چۆن دوای چەندین ساڵ هەوڵ لە پێگەی هێزێکی سەربازیدا دەرکەوتووە، ئینشائەڵڵا و بە بەخششی خوایی، بە کێشانی هێڵەکانی ناسنامەی ئێرانی-ئیسلامی و چەسپاندنی هەرچی زیاتری لە بیر و دەروونی گەنجانی ئەم وڵاتەدا بە دەستی پەروەردەکاران و مامۆستایان، و بە پێشخستنی بەکارهێنانی کاڵا بەرهەمهاتووەکانی ناوخۆ کە ئەنجامی هەوڵی کرێکارانی ماندووی ئێرانییە، ڕێگەی تێپەڕبوون بەرەو لووتکەکانی پێشکەوتن و بەرزبوونەوە دەبڕێت، و ئەمەش بێگومان بە دوعای خێر و ناوبژیوانیی سەروەرمان (عجّلالله تعالی فرجهالشریف) هەرچی خێراتر و باشتر ئەنجام دەدرێت بِاِذنالله تعالی (بە ئیزنی خوای گەورە). والسّلام علیکم و رحمتالله و برکاته (و سڵاو و ڕەحمەت و بەرەکەتی خواتان لەسەر بێت).
سەید موجتەبا حوسەینی خامنەیی
١١ی ئوردیبهێشتی ١٤٠٥