1. سەرەکی
  2. پەیامەکان
  3. 18ی نیسانی 2026

پەیام بە بۆنەی بیست و نۆی فەروەردین، ساڵیادی پیرۆزی دامەزراندنی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران

ئەمە وەرگێڕانی دەقی ڕەسەنی فارسییە. دەقی ڕەسەن بە فارسی

بسم‌الله الرّحمن الرّحیم
بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

اِنَّ اللهَ یُحِبُّ الَّذینَ یُقاتِلونَ فی سَبیلِهِ صَفّاً کَاَنَّهُم بُنیانٌ مَرصوص.
بێگومان خوا ئەوانەی خۆش دەوێت کە لە ڕێگەی ئەودا ڕیز بە ڕیز دەجەنگن، وەک ئەوەی بینایەکی پتەو و بەیەکەوەلکاو بن. (قورئان، سەف ٦١: ٤)

بیست و نۆی مانگی فەروەردین، ساڵیادی پیرۆزی دامەزراندنی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە بە دەستپێشخەریی دانایانەی خومەینیی مەزن (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) بەم ناوە ناونرا، لە هەموو ئەرتەشییەکان و خێزانە بەڕێزەکانیان و گەلی گەورەی ئێران پیرۆز دەکەم.

سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، هێڵی جیاکەرەوەی نێوان دوو قۆناغ لە ژیانی ئەرتەش دادەنرێت و دەبێت بە کۆتاییی سەردەمی لاوازییەک دابنرێت کە لە لایەن دوژمنانی ئەم ئاو و خاکەوە و بە دەستی خائینانی ناوخۆ بەسەر ئەرتەش و ئەرتەشییە ئازا و ڕاستگۆکانی وڵاتدا سەپێنرابوو. لەو کاتەوە ئەرتەش لە جێگەی دروستی خۆیدا ڕاوەستا، و لە جیاتی ئەوەی هی سیستەمی تاغووتی و گەندەڵی پەهلەوی بێت، کەوتە باوەشی گەرمی گەلەوە، کە بەڕاستی ئەرتەش کوڕی گەلە و لە دڵی ماڵەکانی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت. بەزوویی ئەرتەش لە بەرامبەر نەخشە شوومەکانی ئەمریکا و پاشماوەکانی تاغووتی پەهلەوی و ئەو جوداییخوازانەی کە ئێرانێکی لەتلەتکراویان دەویست، ڕاوەستا و داستانی خوڵقاند.

ئەرتەشی ئیسلام ئێستا وەک هەردوو جەنگە سەپێنراوەکەی پێشوو، بە ئازایەتی بەرگری لەو ئاو و خاک و ئاڵایە دەکات کە هی ئەوە، و بە پشتبەستن بە پشتیوانە بەهێزە خوایی و گەلییەکەی و لە ڕیزێکی چڕ و پتەودا، شان بە شانی تێکۆشەرانی تری هێزە چەکدارەکان، لەگەڵ دوو سوپای سەرەکیی بەرەی کوفر و خۆبەزلزانیدا پەنجە لە پەنجەیان داوە و لاوازی و زەلیلیی ئەوانی لە بەرچاوی جیهانیاندا دەرخستووە؛ هەروەک چۆن درۆنەکانی وەک بروسکە بەسەر تاوانبارانی ئەمریکی و سەهیۆنیدا دەدرێن، هێزی دەریاییی ئازاشی ئامادەیە تا تاڵیی شکستی نوێ بە دوژمنان بچێژێت.

لە لایەکی ترەوە بیست و نۆی مانگی فەروەردین ساڵیادی لەدایکبوونی کەسی بێوێنەی سەردەم، ڕێبەری مەزنی شەهیدمانیشە؛ ئەو کەسەی کە زۆرترین هەوڵی لە دەیەی یەکەمی شۆڕشەوە بۆ پاراستنی ئەرتەش لە بەرامبەر دەنگە شوومەکانی هەڵوەشاندنەوەیدا، و پاشان بۆ بەرزکردنەوەی توانستەکانی لە ئاراستە جیاوازەکاندا دا.

بێگومان هێڵی پێشکەوتنی توانستە جیاوازەکانی ئەم دامەزراوە گەلییە ڕەسەنە، کە لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕۆژئاوا و لە باکوورەوە تا باشووری وڵات پاسەوانی دەکات، دەبێت بە دوو هێندە بەدواداچوونی بۆ بکرێت، و بە ئیزنی خوا لە ئاسۆیەکی نزیکدا ڕێوشوێنە پێویستەکان بۆ هێنانەدیی دەردەکرێن. لەم ڕێگەیەدا سەرنجدان بە ڕووخساری ئەو قارەمانانەی کە لە نەوە یەک لە دوای یەکەکانی بەڕێوەبردندا لە پێنج دەیەی ڕابردوودا، ڕێنمایی و ڕێبەرایەتیی ئەرتەشیان کرد و زۆرێکیان کەوتنە ڕیزی شەهیدانەوە، و بەرنامە و هەنگاوەکانیان و هەروەها ڕێبازی بەڕێزانە و دڵسۆزانەیان، وانەبەخش و ئیلهامبەخشی هەموو بەشەکانی هێزە چەکدارەکان دەبێت. لە گەورەپیاوانی وەک قەرەنی، فەللاحی، نامجوو، فەکووری، بابایی، سەتتاری، ئەردەستانی و سەییاد شیرازییەوە بگرە تا دواین شەهیدە بەناوبانگەکانی، سەید عەبدولڕەحیم مووسەوی و عەزیز نەسیرزادە.

سڵاو و درودی خوای گەورە لە هەموو تێکۆشەرانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ئەمیر و فەرماندەکانییەوە تا کارمەندان و سەربازە بێدەنگ و بێناونیشانەکانی؛ و سڵاو و درودی خوای گەورە لە هەموو فیداکاران و جانبازانی، و سڵاو و ڕەحمەتی تایبەتی ئەو زاتە لە خێزانە بەڕێزەکانی هەموو شەهیدانی جەنگی سەپێنراوی ئەمریکا و ڕژێمی سەهیۆنی دژی گەلی گەورەی ئێران.

والسّلام علیکم و رحمت‌الله و برکاته.
و سڵاو و ڕەحمەت و بەرەکەتی خواتان لەسەر بێت.

سەید موجتەبا حوسەینی خامنەیی
٢٩ی فەروەردینی ١٤٠٥