1. سەرەکی
  2. پەیامەکان
  3. 9ی نیسانی 2026

پەیام بە بۆنەی چلەمین ڕۆژی شەهیدبوونی ڕێبەری مەزنی شۆڕش و بابەتە گرنگەکانی پەیوەست بە سێیەمین جەنگی سەپێنراو

ئەمە وەرگێڕانی دەقی ڕەسەنی فارسییە. دەقی ڕەسەن بە فارسی

بسم الله الرّحمن الرّحیم
بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

اِنّا فَتَحْنا لَکَ فَتْحاً مُبیناً لِیَغْفِرَ لَکَ اللهُ ما تَقَدَّمَ مِن ذَنبِکَ وَ ما تَأَخَّرَ وَ یُتِمَّ نِعْمَتَهُ عَلَیْکَ وَ یَهْدِیَکَ صِراطاً مُستقیماً وَ یَنصُرَکَ اللهُ نَصْراً عَزیزاً.
بێگومان ئێمە سەرکەوتنێکی ئاشکرامان بۆ تۆ هێنا، تا خوا لە گوناهی پێشوو و دواترت خۆش بێت و نیعمەتی خۆیت بەسەردا تەواو بکات و ڕێگەیەکی ڕاستت پیشان بدات، و خوا بە سەرخستنێکی بەهێز و سەربەرزانە سەرت بخات. (قورئان، فەتح ٤٨: ١-٣)

چل ڕۆژ بەسەر یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی دوژمنانی ئیسلام و ئێران و یەکێک لە قورسترین ماتەمە گشتییەکانی مێژووی ئەم گەلەدا تێدەپەڕێت؛ ماتەمی شەهیدبوونی دڵتەزێنی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، باوکی گەلی ئێران و پێشەوای ئوممەتی ئیسلامی و پێشەنگی حەقخوازان لە سەردەمی ئێستادا، سەروەری شەهیدانی ئێران و بەرەی بەرگری، خامنەیی مەزن قَدَّس‌الله نَفسَهُ‌ الزَّکیَّه (خوا ڕۆحە پاکەکەی پیرۆز بکات).

چل ڕۆژە ڕۆحی بەرزی ڕێبەری شەهیدمان لە پەنای نزیکیی خوایی میوانی سفرەی دۆستانی خوا و ڕاستگۆیان و شەهیدان بووە، و هاوکات یان بەدوای ئەودا، کۆمەڵێکی زۆر لە یاران و فەرماندەران و تێکۆشەرانی ئیسلام، و هاووڵاتیانی ستەملێکراو لە ساوایانی چەند ڕۆژە تا بەساڵاچووان، ئەوانیش بەم بەخششە مەزنە گەیشتوون.

چل شەو و ڕۆژە خوای گەورە پێشەوای ئەم ئوممەتەی بۆ میقاتی خۆی بانگ کردووە؛ بەڵام ئەم جارە بە پێچەوانەی ئەوەی لە سەردەمی کەلیمولڵا (موسا)دا ڕوویدا، هاوەڵانی ڕێبەری شەهید و ئوممەتەکەی بۆ چەسپاندنی حەق و ڕووبەڕووبوونەوەی باتڵ هەستان، و وەک چیای چەسپاو لە بەرامبەر سامیری و گوێرەکەکەیدا ڕاوەستان و وەک گڕکانی ئاگرین بەسەر دەستدرێژکاران و فیرعەونییەکاندا دابارین.

چل شەو و ڕۆژە خۆبەزلزانانی جیهان دەمامکە فریودەر و درۆینەکانیان لە ڕوو لاداوە و ڕووخساری قێزەون و شەیتانیی کوشتن و ستەم، دەستدرێژی و درۆ، فیرعەونییەت و منداڵکوژی، و زۆرداری و گەندەڵییان نیشان داوە.

بەڵام لە بەرامبەردا، چل ڕۆژ و شەوە کوڕانی غیرەتمەندی خومەینیی مەزن و خامنەییی شەهیدی ئازیز و شوێنکەوتووانی ئیسلامی پاکی محەممەدی (درودی خوای لەسەر بێت و لەسەر بنەماڵەکەی) بە هەوڵ و ئازایەتییەکی بێوێنە لە گۆڕەپانەکان و شەقامەکان و سەنگەرەکانی جەنگدا ئامادەن، و سەرەڕای زیان و لێکەوتەکانی هێرشی دڕندانەی دوژمن، سێیەمین جەنگی سەپێنراویان کردووەتە گۆڕەپانی داستانی سێیەمین بەرگریی پیرۆز. گەلی هۆشیار و وریای ئێران هەرچەندە نیشانی دا کە لە خەمی گەورەی دووریی پێشەوا شەهیدەکەیدا ماتەمبارە، بەڵام بە چاولێکردنی میراتگرانی ڕاستەوخۆی عاشورای حوسەینی، لەم ماتەمە داستانی، و لە شیوەن ڕەجەز (هۆنراوەی جەنگ)ی دروست کرد. هەموو ئەمانە دوژمنی تا بنی ددان چەکدارییان تووشی سەرسوڕمان و بێچارەیی کردووە و ئازادیخوازانی جیهانیان ناچاری ستایش کردووە. ئەم جارە نەزانی و نەفامیی خۆبەزلزانان بووە هۆی ئەوەی کە ئیسفەندی ١٤٠٤ ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە بەهێزبوون و بەرزبوونەوەی ناوی ئێران و شۆڕشی ئیسلامی، و ئاڵای ئێرانی ئیسلامی نەک تەنها لە جوگرافیای خاکی وڵاتەکەماندا، بەڵکو لە قووڵایی دڵی حەقخوازانی جیهاندا بەرز ببێتەوە.

ئەم بۆنەیە دەرفەتێکی باشە تا بە کورتی ناساندنێکی ڕێبەری مەزن بکرێت. باس لە پیاوێکە کە بەو ئەندازەیەی بەناوبانگ بوو، نەناسرا. هەمووان دەزانن کە ڕێبەری شەهیدمان، فەقیهێکی سەردەمناس و بەسیرەت، تێکۆشەرێکی ماندوونەناس و وەک چیا چەسپاو و پتەو، زانایەکی کردارگەر و ڕەببانی، خاوەن زیکر و شەونوێژ و لاڵانەوە بۆ بارەگای پەروەردگار و پەنابردن بۆ زاتە پیرۆزەکانی پاکانی بێگەرد (صلوات‌الله و سلامه علیهم اجمعین)، و لە قووڵایی گیانەوە باوەڕدار بە بەڵێنە خواییەکان بوون. لە تایبەتمەندییەکانی تری ئەوان ئێراندۆستی و هەوڵی بەردەوام بوو بۆ سەربەخۆیی هەرچی زیاتری ئێرانی ئازیز، کە لە پاڵیدا جەختیان لەسەر یەکڕیزی و یەکگرتوویی نیشتمانی دەکردەوە. ئەوان تەمەنێکیان لە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سیستەمی ئیسلامی و چەسپاندن و مانەوەی بەسەر برد، و لە هەمان کاتدا کۆماری ئیسلامی بەبێ خەڵک لە ڕوانگەی ئەوانەوە بێمانا بوو. لەگەڵ دەسەڵات و پتەوییدا، بەشێکی زۆریان لە وردبینی لە بیرکردنەوە و ڕوانین بۆ کاروبارەکان هەبوو. گرنگییەکی تایبەتیان بە توانستەکانی وڵات، بەتایبەتی گەنجان دەدا. بایەخیان بە زانست و تەکنەلۆژیا و پێشکەوتن لە سایەیدا دەدا. ڕێزێکی تایبەتیان بۆ بنەماڵە بەڕێزەکانی شەهیدان و جانبازان و فیداکارانی ئازیز دادەنا. لە بوارە جیاوازەکاندا خاوەنی ئەزموونی بەنرخ و کەڵەکەبوو بوون کە هەندێکیان چەند دەیەیان پێوە بوو، و چەندین تایبەتمەندیی تر کە لیستێکی درێژ لەخۆ دەگرێت. لەم ڕۆژانەدا لە هەندێک ڕاگەیاندندا بە دووبارەیی باس لە هونەر و هونەرناسی و هونەرپەروەریی ئەوان دەکرێت. ئەم توخمە، لە کاتێکدا کە بە تەنها دەتوانێت بەهایەکی زۆر بۆ کەسایەتیی کەسێک دروست بکات و بێگومان لە ڕێبەری ئازیزماندا بە مانای ڕاستەقینە و لە ئاستێکی بەرزدا هەبوو، بەراورد بە توخم و تایبەتمەندییەکانی تری ئەوان بچووک دەردەکەوێت. من خۆم چەندین هونەر لە ئەوان دەناسم: یەکێک لە هونەرە گەورەکانی ئەوان کە کەمتر سەرنجی دەدرێتێ، هونەری پەروەردەکردن و پێگەیاندنی کۆمەڵگە بوو لە ڕێگەی بنیادنانی بیر و دەروون و هەستی جەماوەری گەورەی خەڵک و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانەوە.

هونەرێکی تری ئەوان دامەزراندنی دامەزراوە ئامانجدارەکان بوو کە بەتایبەتی لە ساڵانی سەرەتای سەردەمی پێشەوایەتی و ڕێبەرییاندا، بە ڕوانین بۆ ئاسۆ دوورەکان، دەستیان پێ کرد.

هونەرێکی تری ئەوان هەوڵدان بوو بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەی سەربازیی وڵات، کە گەلی ئێران لە دوو جەنگە سەپێنراوەکەی ئەم دواییەدا ئاگاداری کاریگەرییە ئەرێنییەکانی بوو و سوودی لێ وەرگرت. هەروەها توانای داهێنان و دەستپێشخەری لە ڕەهەندە جیاوازەکاندا، چ زانستی و چ ستراتیژی و چ سیاسەتداڕشتن، لە هونەرەکانی تری ئەوان بوو کە بەشێکی لە داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکانی سیستەمدا ڕەنگی داوەتەوە. هەروەها توانای خوڵقاندنی مانا لە ڕێگەی دروستکردنی لەکاتی خۆیدای وشە و دەستەواژەی نوێ کە هەر یەکەیان کۆمەڵێک مانای دەخوڵقاند و هەڵدەگرت و لێیەوە گوتاری گشتی پێکدەهات. و لەوانە، هونەرێک کە لە ئەنجامی سووانی ڕۆحی بەرزیان لە سەختی و تاقیکردنەوە و ناخۆشییەکاندا و بەهۆی ئارامگرتن و خۆڕاگری لە ڕێگەی حەقدا بەدەست هاتبوو، هونەری پێشبینیکردنی ڕووداوە دوورەکان بوو، کە اَلمُؤمِنُ یَنْظُرُ بِنورِ الله (باوەڕدار بە نووری خوا دەڕوانێت). و هونەری تر کە ژماردنیان لەم کورتەیەدا ناکرێت.

هەموو ئەم هونەر و تایبەتمەندییانە سەرچاوەیەکیان نەبوو جگە لە سۆزی تایبەتی خوایی و سەرنجی تایبەتی سەروەرمان (ئیمامی سەردەم) و باوباپیرانی پاکیان (صلوات‌الله علیهم اجمعین). لەوانەیە بکرێت ئەوەی ئەم سۆز و سەرنجانەی بەرەو ئەو بەڕێزە ڕاکێشا، لە هەوڵ و تێکۆشانی بێوچان و دڵسۆزانەی ئەو لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی وشەی حەقدا کورت بکرێتەوە. بەڵام بەتایبەتی، جگە لە سەختییەکانی خەبات دژی دەزگای خائینی حکوومەتی پەهلەوی، ئەوان لە دەرفەتێکی تایبەتی تر لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئەرکدا سوودێکی زۆریان وەرگرت کە خەڵک بە گشتی ئاگاداری نین. وا نووسرابوو کە سەیدی گەنجی زۆر تامەزرۆی زانست و هەروەها خوازیاری کردار، لە کاتێکدا کە باوکە بەڕێزەکەی لە مەترسیی کوێربووندا بوو، دوای چەندین ساڵ چۆکدادان لە خزمەت مامۆستا پایەبەرزەکاندا، هەموو بوارە ڕواڵەتییەکانی پێشکەوتنی زانستی و داهاتووسازی لە قوم بەجێ بهێڵێت و بە پشتبەستن بە بەخششی خوایی، خۆی بۆ باوکی تەرخان بکات. بەخششی خوایی بەدوای ئەم فیداکارییەدا بەم شێوەیە دەرکەوت کە لەناکاو سەید عەلی خامنەیی لە تەمەنی پێش سی ساڵیدا وەک خۆرێک لە خوراسانەوە هەڵهات و بەزوویی بە یەکێک لە کۆڵەکە فیکری و خەباتگێڕییەکان دانرا، و هاوکات لە زانستە باوەکانیشدا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەدەست هێنا؛ بە شێوەیەک کە لە ساڵانی دەیەی پەنجاکاندا (ی هەتاوی)، دەزگای ساواک ناوی نابوو خومەینیی خوراسان. دەبێت جەخت لەسەر ئەم خاڵە بکەمەوە کە ئەم ڕەوتی پێشکەوتنی ناوەکی و ڕواڵەتیی ئەو بەڕێزە لە قۆناغەکانی دواتریشدا بەردەوام بوو. ئێستا لە پێگەی وانەوەرگرتن لە ڕەفتاری گەورەپیاوان و بەتایبەتی کەسایەتییەکی وەها، زۆر شیاوە کە ئەم خەسڵەتی خێرخوازیی دڵسۆزانە بۆ یەکتر و هاوبەشیکردن (مواسات) بکەینە ڕێبازی خۆمان، کە ئەم تایبەتمەندییە و لەگەڵیدا چاوبڕینە ڕەحمەتی فراوانی خوایی، جیاوازییەکی گرنگە لە نێوان ئەو کەسەی لەژێر ئاڵای حەقدا ڕاوەستاوە و ئەوانەی بە دەوری ئاڵای باتڵدا ئەڵقەیان بەستووە. بێگومان پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی وەها، کەرەوەی دەرگاکانی ئاسمان و دابەزێنەری جۆرەها یارمەتیی خوایی و غەیبی دەبێت؛ لە بارینی بارانی ڕەحمەتەوە بگرە تا زاڵبوون بەسەر دوژمندا و تەنانەت پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆژی.

لەم ڕۆژانەدا بە دووبارەیی دەبیسترێت کە گرووپە جیاوازەکانی خەڵکی ئازیز، بە ڕەوایی و بە حەسرەتەوە یادی ئەو کەسە بێوێنەیەی سەردەم دەکەنەوە، و وردە وردە ڕووی زیاتری گەوهەری درەوشاوەی کەسایەتیی بەرزی ئەوان دەردەکەوێت. هەروەها بڕیاری چاولێکردنی کردارە تایبەتەکانی ئەو بەڕێزە وردە وردە گشتگیر دەبێت؛ لەوانە خەڵکی ئازیزمان لە مستی گرێکراوی ئەو بەڕێزە لە کاتی شەهیدبووندا چەندین وانەیان فێربوون و ئێستا هەمان مستی گرێکراو بۆ هەندێک بووەتە جۆرێک هێمای هاوبەشی باوەڕ. بەم شێوەیە جارێکی تر دەسەلمێنرێت کە کاریگەریی شەهید زیاتر لە کەسی ئامادەیە، و دەنگی ڕەسای ئەو لە بانگەواز بۆ تەوحید و حەقخوازی و خەبات دژی ستەم و گەندەڵی، بەدەنگتر و پەیامەکەی کاریگەرتر لە سەردەمی ژیانی بووە، و هەروەها ئاواتی دڵیی ئەم شەهیدە پایەبەرزە کە بەختەوەریی ئەم گەل و گەلانی تری موسڵمان بوو، لە پێشوو نزیکتر بووەتەوە لە ڕاستی.

برایان و خوشکانی هاوڵاتی! ئەمڕۆ و تا ئەم خاڵەی داستانی سێیەمین بەرگریی پیرۆز، بە ئازایەتییەوە دەتوانرێت بگوترێت کە ئێوە، گەلی قارەمانی ئێران، سەرکەوتووی یەکلاکەرەوەی ئەم گۆڕەپانە بوون.

ئەمڕۆ بەرەبەیانی سەرهەڵدانی کۆماری ئیسلامی وەک زلهێزێک و کەوتنی خۆبەزلزانی (ئیستیکبار) لە لێژایی لاوازیدا، لە بەرچاوی هەمووان ئاشکرا بووە. ئەمە بێگومان نیعمەتێکی خواییە کە بە بەرەکەتی خوێنی ڕێبەری شەهیدمان و شەهیدانی تری کفن خوێناوی و هاوڵاتیانی ستەملێکراو و گوڵە هەڵوەریوەکانی قوتابخانەی شەجەرەی تەییبەی میناب، و بەدوای پەنابردن و لاڵانەوەی تاک تاکی گەل بۆ بارەگای پەروەردگار و ئامادەبوونی تێکۆشەرانەیان لە گۆڕەپانەکان و گەڕەکەکان و مزگەوتەکاندا، و بەهۆی گیانفیداییی بێدریغ و بێمنەت و دڵسۆزانەی تێکۆشەرانی گیان لەسەر دەستی ئیسلام لە سوپا و ئەرتەش و هێزی ئینتیزامی (فەراجا) و سەربازانی بێناونیشان و پاسەوانانی سنوور، بە گەلی ئێران بەخشراوە. ئەم نیعمەتەش وەک هەر نیعمەتێکی تر دەبێت سوپاسی بکرێت تا بمێنێتەوە و گەشە بکات، کە لَئن شَکَرتُم لَأزیدَنَّکُم (ئەگەر سوپاسگوزار بن، بێگومان بۆتان زیاد دەکەم). سوپاسی کردەییی ئەم نیعمەتە، هەوڵی بێوچانە بۆ گەیشتن بە ئێرانی بەهێز.

ئەوەی لە ئێستادا بۆ گەیشتن بەم دروشم و ئامانجە ستراتیژییەی ڕێبەری شەهید پێویست دەنوێنێت، بەردەوامیی ئامادەبوونی خەڵکی ئازیزمانە وەک ئەو چل ڕۆژەی کە بەجێیان هێشت. ئەم ئامادەبوونە کۆڵەکەیەکی گرنگی ئەو پێگەیەیە کە ئێستا ئێرانی بەدەسەڵات تێیدا جێگیر بووە.

بۆیە نابێت بە ڕاگەیاندنی بڕیاری دانوستان لەگەڵ دوژمن، وا بیر بکرێتەوە کە ئامادەبوون لە شەقامەکاندا پێویست نییە. بەڵکو ئەگەر بە گریمانە، بە ناچاری کاتی قۆناغی بێدەنگیی گۆڕەپانی جەنگی سەربازی هاتبێت، ئەرکی تاک تاکی ئەو خەڵکەی کە توانای ئامادەبوونیان لە گۆڕەپانەکان و گەڕەکەکان و مزگەوتەکاندا هەیە، لە پێشوو قورستر دەردەکەوێت. بێگومان هاوارەکانی ئێوە لە گۆڕەپانەکاندا لە ئەنجامی دانوستانەکاندا کاریگەرە؛ هەروەک چۆن ژمارەی سەرسوڕهێنەر و ڕوو لە زیادبوونی ملیۆنیی هەڵمەتی «گیان فیدا بۆ ئێران»یش لە توخمە کاریگەرەکانی ئەم بوارەیە. بە ئیزنی خوای پاک و بەرز، لە ئەنجامی ئەم ڕۆڵگێڕانانە و بەردەوامبوونیان، ئەو دیمەنەی لە بەردەم گەلی ئێراندایە، مژدەی سەرهەڵدانی سەردەمێکی پڕشکۆ و درەوشاوە و پڕ لە شکۆ و سەربەرزی و دەوڵەمەندییان پێ دەدات. کاتێک ڕێبەری شەهیدمان بەرپرسیارێتیی ڕێبەرییان گرتە ئەستۆ، سیستەمی کۆماری ئیسلامی وەک نەمامێک بوو کە چەندین برینی لە دوژمنانی ئیسلام و ئێرانەوە بەرکەوتبوو و بێگومان هەمووی بە باشی بەرگە گرتبوو. بەڵام کاتێک دوای نزیکەی ٣٧ ساڵ، کورسیی پێشەوایەتیی ئوممەتیان بەجێ هێشت، دارێکی پاک (شەجەرەی تەییبە)یان لە خۆیان بەجێ هێشت کە ڕەگەکەی پتەوە و لق و گەڵاکانی سێبەری بەسەر بەشە گرنگەکانی ناوچە و جیهاندا خستووە. ڕێبازی گەیشتن بە «ئێرانی هەرچی بەهێزتر» بە ڕێگەی یەکڕیزیی نێوان چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا تێدەپەڕێت، کە بە دووبارەیی جەختی ئەوان لەسەر بوو. بەشێکی بەرچاو لەم یەکڕیزییە لەم چل ڕۆژەدا هاتەدی: دڵی خەڵک لە یەکتر نزیک بووەوە، سەهۆڵی نێوان چین و توێژە جیاوازەکان بە ئاراستە جیاوازەکانەوە دەستی بە توانەوە کرد، هەمووان لەژێر ئاڵای نیشتماندا کۆبوونەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارە و چۆنایەتیی ئەم کۆبوونەوەیە زیاد دەبێت. زۆرێک لەوانەی هێشتا بەم جۆرە ئامادەبوونە نەگەیشتوون، لە دڵەوە هاوڕێ و هاوزمانی ئەو جەماوەرەن کە لە گۆڕەپانەکاندا ئامادەن.

لەم ڕۆژانەدا زۆر کەس ڕوانینێکی شارستانی بە چاوبڕینە ئاسۆ دوورەکان ئەزموون دەکەن و وێنەیەک بۆ خۆیان دەخوڵقێنن کە خەیاڵی نییە، بەڵکو پشت بە ڕاستییەکانی ئێستا و داهاتوو دەبەستێت. ئەمە تایبەتمەندییەکە کە تا کەمێک لەمەوبەر تەنها لە ژمارەیەکی کەمدا دەبینرا کە ڕێبەری شەهید لە سەرووی ئەوانەوە بوون. بەم شێوەیە هەر چاودێرێک گەشەی خێرا و موعجیزەئاسای ئەم گەلە هەست پێ دەکات، و بێهۆ نییە کە لەم ڕۆژانەدا حەکیمی بەناوبانگی سەردەم و فەقیهی پایەبەرز کاتێک لەگەڵ ئێوەدا لەم پێگەیە دەدوێت، چەندین جار گرێی گەروو ڕێگەی قسەکردنی لێ دەگرێت.

لێرەدا بە دراوسێ باشوورییەکانی ئێران دەڵێم کە ئێوە خەریکی بینینی موعجیزەیەکن. کەواتە دروست ببینن و دروست تێبگەن و لە شوێنی دروستدا ڕاوەستن و لە بەڵێنە درۆینەکانی شەیتانەکان بەگومان بن. ئێمە هێشتا چاوەڕێی کاردانەوەیەکی گونجاوین لە لایەن ئێوەوە تا برایەتی و خێرخوازیی خۆمانتان پیشان بدەین. ئەمەش نایەتە دی مەگەر بە پشتهەڵکردنی ئێوە لە خۆبەزلزانان کە هیچ دەرفەتێک بۆ سووکایەتیکردن پێتان و چەوساندنەوەتان لەدەست نادەن. هەمووان دەبێت ئەمە بزانن کە بە ئیزنی خوای گەورە، ئێمە بێگومان ئەو دەستدرێژکارە تاوانبارانەی کە هێرشیان کردە سەر وڵاتەکەمان وازیان لێ ناهێنین. بێگومان قەرەبووی تاک تاکی ئەو زیانانەی گەیەنراون و خوێنبایی شەهیدان و دیەی جانبازانی ئەم جەنگە داوا دەکەین، و بێگومان بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز دەخەینە قۆناغێکی نوێوە. ئێمە خوازیاری جەنگ نەبووین و نین، بەڵام بە هیچ شێوەیەک دەست لە مافە ڕەواکانی خۆمان هەڵناگرین، و لەم ئاراستەیەدا هەموو بەرەی بەرگری بە یەکپارچەیی لەبەرچاو دەگرین.

لەم قۆناغەدا تا گەیشتن بەوەی کە هی ئێمەیە، یەکەم: هەموو تاکەکانی گەل هەوڵی ڕەچاوکردنی یەکتر بدەن تا لە ڕووی ئەو کەمییانەی کە کاریگەریی سروشتیی هەر جەنگێکن، فشاری کەمتر بخرێتە سەر چین و توێژە جیاوازەکان. بێگومان ئەم کەمییانە کە هەندێک جار لە بەرەی بەرامبەری ئێوەدا زۆر زیاترن، بە سایەی هەوڵەکانی برایان و خوشکانتان لە حکوومەت و دامەزراوەکانی تردا، تا ئاستێکی بەرچاو بەڕێوە براون.

دووەم: پاراستنی گوێکانمان کە پەنجەرەی مێشک و دڵن، لە بەرامبەر ئەو ڕاگەیاندنانەی کە لەلایەن دوژمنەوە پشتگیری دەکرێن یان هاوئاراستەی ئەوانن، کارێکی پێویستە. بێگومان ئەو ڕاگەیاندنانە خێرخوازی وڵات و گەلی ئێران نین و ئەم ڕاستییە چەندین جار سەلمێنراوە. بۆیە یان بە تەواوی ڕووبەڕووبوونەوە و بەکارهێنانیان وەلا بنێین، یان لانیکەم بە گومانێکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ هەر شتێکدا بکەین کە پێشکەشی دەکەن.

سێیەم: گەلی ئازیز هەرچەندە بە کۆتاییهاتنی ماوەی ماتەمینیی فەرمیی شەهیدبوونی ڕێبەرە مەزنەکەی، جلی ماتەم لە بەر دادەکەنێت، بەڵام بڕیاری یەکلاکەرەوە بۆ تۆڵەسەندنەوەی خوێنی پاکی ئەوان و هەموو شەهیدانی دووەمین و سێیەمین جەنگی سەپێنراو لە ڕۆح و دڵی خۆیدا زیندوو ڕادەگرێت و بەردەوام چاوەڕوانی هاتنەدیی دەبێت.

لە کۆتاییدا ڕوو لە سەروەرمان (عجل‌ الله تعالی فرجه الشریف - خوای گەورە دەرکەوتنی پیرۆزی نزیک بخاتەوە) عەرز دەکەم کە ئێمە بە باوەڕ بە خوای گەورە و پەنابردن بۆ ئیمامە پاکە بێگەردەکان (صلوات‌‌الله و سلامه علیهم) و بە چاولێکردنی ڕێبەری شەهیدمان، لەژێر ئاڵای جەنابتاندا و لە بەرامبەر بەرەی کوفر و خۆبەزلزانیدا ڕاوەستاوین، و لەم ڕێگەیەدا شەهیدانی بەنرخمان لە چین و توێژە جیاوازەکان پێشکەشی ڕێگەی شکۆ و سەربەخۆیی وڵات و بەرزبوونەوەی ئیسلام و شۆڕشی ئیسلامی کردووە و زیانی تریشمان بینیوە. ئێستا بە هەموو بوونمانەوە دڵمان بە دوعای تایبەتی جەنابتان بەستووە بۆ زاڵبوونی یەکلاکەرەوە بەسەر دوژمندا، چ لە گۆڕەپانی دانوستاندا و چ لە مەیدانی جەنگدا، و هیوادارین هەرچی زووتر، هەم ئێمە و هەم دوژمنانمان کاریگەریی موعجیزەئاسای ئەو ببینین، ئینشائەڵڵا.

والسّلام علیکم و رحمةالله و برکاته
و سڵاو و ڕەحمەت و بەرەکەتی خواتان لەسەر بێت.
سەید موجتەبا حوسەینی خامنەیی
٢٠ی فەروەردینی ١٤٠٥