وەڵامی پەیامی سەرەخۆشی و بەیعەتی سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان شێخ نەعیم قاسم
ئەمە وەرگێڕانی دەقی ڕەسەنی فارسییە. دەقی ڕەسەن بە فارسی
بسم الله الرحمن الرحیم
بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
خزمەت برای ئازیز و تێکۆشەرم، جەنابی شێخ نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا (ادام الله عمره وعزّه وعافيته) (خوا تەمەن و عیززەت و لەشساغیی بەردەوام بکات)
سلام علیکم و رحمة الله و برکاته
سڵاو و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوات لەسەر بێت.
پەیامی سەرەخۆشیی جەنابت بە بۆنەی شەهیدبوونی ڕێبەری پایەبەرزی شۆڕشی ئیسلامی و هەروەها دەربڕینی خۆشەویستی و سۆزی برا تێکۆشەرە لوبنانییەکان لە حیزبوڵڵادا گەیشتە دەستم.
بێ هیچ گومانێک، خۆڕاگری، بەرگەگرتن و ئارامگرتن بەرامبەر بە سەرسەختترین دوژمنانی جیهانی ئیسلام، واتە ئەمریکا و هێزی بریکاری لە ناوچەکەدا ـ ڕژێمی خوێنڕێژی سەهیۆنی ـ لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئیمام و ڕێبەری شەهید بوو. ئەم بەرگری و خۆڕاگرییە بە درێژایی ساڵانی زۆری ڕێبەرایەتیی ئەو ڕێبەرە مەزنە بەردەوام بوو و پێشکەشکردنی شەهیدانی بەنرخی وەک حاجی قاسم سولەیمانی و فەرماندە باڵاکانی تری سوپای پاسداران و ئەرتەش، گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ڕاستیی ئەم ڕێگایە.
هیچ گومانێک نییە کە مێژووی بەرگریی ئیسلامی پڕە لە تێکۆشان، ئازایەتی و شەهادەتخوازی؛ فەرماندەکانی بەرگری پێش تێکۆشەرانی تر گیانی خۆیان لەم ڕێگایەدا بەخت کرد بێ ئەوەی لە هیچ هەڕەشەیەک بترسن. لە شەهید شێخ ڕاغیب حەرب و سەید عەباس مووسەوییەوە تا شەهیدی ئازیز، سەروەری شەهیدانی بەرگری سەید حەسەن نەسروڵڵا و سەید هاشم سەفیەددین، هەموویان نموونەی ئەم ڕێگا و شێوازە بوون.
جەنابت کە خۆت لە هێڵی پێشەوەی ئەم بەرگرییە پیرۆزەدا لە لوبنان بوویت، ئەمڕۆ لەم ساتە هەستیار و مێژووییەدا، ئەم بزووتنەوەیە ڕێبەرایەتی دەکەیت. بەو ناسینەی کە لە وریایی، زیرەکی و ئازایەتیی تۆم هەیە، هیوادارم بتوانیت نەخشەکانی دوژمنی سەهیۆنی پووچەڵ بکەیتەوە و تێکیان بشکێنیت و جارێکی تر تامی ئارامی و شانازی بە گەلی ئازیزی لوبنان بچێژیت.
جارێکی تر بە پێداگرییەوە ڕادەگەیەنم کە سیاسەتی جێگیری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی ڕێگای ئیمامی کۆچکردوو و ڕێبەری شەهیددا، لەسەر بەردەوامبوونی پشتیوانی لە بەرگری بەرامبەر بە دوژمنی سەهیۆنی ـ ئەمریکی دامەزراوە.
دیسان سوپاسی دەربڕینی هاوخەمیی ئێوە دەکەم و بۆ جەنابت و هەموو برا تێکۆشەرە ئازیزەکان، ئاواتی سەرکەوتن و سەربەرزی دەخوازم.
والسلام عليكم ورحمة الله وبركاته
و سڵاو و ڕەحمەت و بەرەکەتی خواتان لەسەر بێت.
سەید موجتەبا حوسەینی خامنەیی
١٠ی فەروەردینی ١٤٠٥ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٠ی شەوواڵی ١٤٤٧ی کۆچیی مانگی